کوردستان میدیا: نەبوونی ئیمکانات و دۆخ و سیستەمی سەقەتی پەروەردە بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابییەکانی شار و گوندەکانی کوردستان دەست لەخوێندن هەڵبگرن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە پاریزگای ئورومیە سەرەڕای کەمیی قوتابخانە، کێشەی نەبوونی ئیمکاناتی پەروەردەیی بەرۆکی قوتابیانی گرتووەتەوە و لەو پێوەندییەدا ناوەندە پێوەندیدارەکان هەوڵی چارەسەریی نادەن.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لەقوتابیانی گوندەکانی ئەو پارێزگایە بە هۆی دووری رێگا و نەبوونی کەرەسەی هاتوچۆکردن لەخوێندن بە جێ دەمێنن.
شاری سەقزیش لەو کێشەیە بێبەریی نەبووە و بەشێک لەقوتابیانی گوندەکانی ئەو شارە بە هۆی نەبوونی قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی لە خوێندن بێبەری بوون.
بەوتەی خەڵکی ناوچەکانی سەقز، بەشێک لەقوتابیانیش بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی ماڵی و تێچووی رۆژانەی قوتابخانە لەخوێندن بەجێ ماون.
لەئاواییەکانی سەقز قوتابیانی کچ زیاتر لەگەڵ ئەو کێشەیە بەرەوڕوون و تەنیا دەتوانن هەتا کۆتایی قۆناغی سەرەتایی درێژە بە خوێندن بدەن.
لەحاڵی حازردا ناوچە و ئاواییەکانی سەرشیوی سەقز، جەوشەن، عەرەب لەنگ، کەسنەزان، سۆموقڵوو، قشلاغ و.. لە قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی بێبەرین.
لەکوردستانی ئێران بە هۆی ئەوەی کە رێژیم و ناوەندە پەیوەندییدارەکان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری کێشە وگرفتی قوتابخانەکان هەڵناگرن، هاووڵاتییان ناچارن خۆیان بۆ نوژنکردنەوە و سازکردنی قوتابخانە و جێبەجێ کردنی ئیمکاناتی خوێندن پارە کۆ بکەنەوە.
عەلی ئەسغەرفانی وەزیری پەروەردە و بارهێنانی رێژیمی ئێران رایگەیاندووە، هەنووکە یەک لەسەر سێی قوتابخانەکانی ئێران، ناستانداردن.
بەپێی ئاماری فەرمی رێژیم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ١٤٣ هەزار منداڵ لە وڵاتی ئێراندا لە هیچ قوتابخانەیەکدا نێونووسیان نەکردووە و ساڵی رابردووش ٦٧ هەزار قوتابی قۆناغی سەرەتاییدا لەو وڵاتە دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.
هەروەها بەپێی ئامارێک کە جێگری پەروەردەی سازمانی نێهزەتی سەواد ئامووزی رێژیم لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٤دا بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ٩٤ ــ ٩٣ یەک میلیۆن و ٤٣٠ هەزار کەس لە تەمەنی نێوان ٦ هەتا ١٨ ساڵ لە هیچ قوتابخانەیەکدا نێونووسیان نەکردووە و یەک میلیۆن و ١٥٠ هەزار قوتابی لەو وڵاتە دەستیان لە خوێندن هەلگرتووە.
بەپێی بەندی دووهەمی ئەسلی سێهەمی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران، دەوڵەت ئەرکی دابینکردنی کەل و پەلی خوێندنی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن لە ئەستۆیە و هەروەها لە ئەسلی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیدا هاتووە، دەوڵەت دەبێ پێویستییەکانی پەروەردە بۆ هەموو خەڵک تا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات، کە ئەو یاسایانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا پێشێل کراوە.