Thursday, December 27, 2012

مافی خوێندن بە زمانی زگماکی .

مافی خوێندن بە زمانی زگماکی . رەحیم موحەمەدی

وتاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ بۆ پێنجەمین فورومی کەمایەتییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر خوێندن بە زمانی دایکی ٢٧و٢٨ی نۆڤامبری ٢٠١٢ی زایینی
بەڕێزان:komeley_mafimrov_jnev
بە ناوی کۆمەڵەی مافی کوردستانی ئێران-ژنێڤ پێم خۆشە سەرنجتان بۆ مافی خوێندن بە زمانی دایکی کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە ئێراندا رابکێشم کە، کۆسپێکی گەورەیە لەسەر رێی گەشەسەندنی کەسایەتی منداڵانی کورد.
لە ژیانی مرۆڤدا هێندێک مافی بنەڕەتی هەن کە بەشێکی جیانەکراوە لە سروشتی مرۆڤن و، زمانی سکماکی یەکێ لەو مافە بنەڕەتییانەیە کە هەرکەسێ مافی هەیە قسەی پێ بکا و پیی بخوێنێ. هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەیان نییە لێی وەربگرن و قەدەخەی بکەن. نابێ زمان بکرێتە پرسێکی سیاسی و، وەکوو ئامرازێ بۆ سەرکوت کردن دژ بە نەتەوەیەکی دیکە بەکار بهێنرێ.
ئەگەرچی زمان ئامرازی دەربڕین و پێوەندی گرتن لەگەڵ دەوروبەرە، زمان ئامرازی بیرکردنەوەشە. خوێندن بە زمانی سکماکی گاریگەری راستەوخۆی زۆری لەسەر گەشەکردنی بیر و پێشکەوتنی منداڵان لە قوتابخانە و کەسایەتی نەتەوەییاندا هەیە. ئەو منداڵانەی کە بە زمانی دایکی دەخوێنن لە بیرکردنەوە و دەربڕینی بۆچوونەکانیاندا سەرکەوتووترن. ئەو منداڵانەی کە ناچارن بە زمانێکی دیکە بخوێنن، ناتوانن بە زمانی خۆیان بیربکەنەوە. بەڵکوو دەبێ بۆ وشەی بێگانە بگەڕێن تا لە پاڵ یەکتر ریزی بکەن و بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان رستەی پێ دروست بکەن. ئەمەش هەم کاتی زۆری دەوێ و هەم دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانن بەگوێرەی پێویست لە دەربڕینی هەستەکانیاندا سەرکەوتوو بن. ئەمەش کاریگەری نەرێنی راستەوخۆی لەسەر رۆحییە و کەسایەتی منداڵان هەیە و کۆسپە لەسەر رێی پێشکەوتنیان لە خوێندندا.
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا نە قوتابخانە و نە کتێب بۆ قوتابیان بە زمانی کوردی نییە و، منداڵانی کورد بە زمانی سکماکی خۆیان دەرس ناخوێنن. لە مادەی پانزەی قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تەنیا باسی قسەکردن بە زمانە ناوچەیەکان دەکا و، مافێ خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا بە فەرمی نەناسراوە و، منداڵانی کورد هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە ناچارن بە زمانی فارسی بخوێنن.
کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەگەرچی ئەوە باش دەزانێ کە خوێندن بە زمانی سکماکی کاریگەری راستەوخۆ و ئەرێنی لەسەر گەشەسەندن و پێشکەوتنی منداڵان لە قوتابخانەدا هەیە، وەکوو ئامرازێکی سیاسی بۆ پەراوێز خستن و لاوازکردنی زمانی کوردی، هەوڵی لە ناوبردنی درێژخایەنی نەتەوەیەک دەدا. ئەم سیاسەتەی بە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە. ئەگەرچی زمانی کوردی لەبەرانبەر ئەم سیاسەتەدا خۆی راگرتووە، بەڵام کاریگەری ئەو دۆخە سەپاوەی بە ئاشکرا بەسەرەوە دیارە.
بێبەش کردنی منداڵانی کورد لە خوێندن بە زمانی سکماکی ژینووسایدی سپی و داماڵینی کورد لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیە و، لایەنی سیاسی و ئیدئولوژی هەیە. رێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران، زمانیان وەکوو چەکێ دژ بە کورد بەکاریان هێناوە. بەداخەوە هەتاکوو ئێستاش خوێندن لە پارێزگا کوردنشینەکاندا بە زمانی فارسییە و منداڵانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش لەو مافە بنەڕەتییە بێبەش کراون.
جگە لە داسەپاندنی زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا و ناچارکردنی منداڵانی کورد بە خوێندن بە زمانێکی دیکە جگە لە زمانی خۆیان، بۆ لاوازکردنی زمانی کوردی و نەتەوەکانی دیکە و زاڵکردنی زمانی فارسی، گیروگرفتی ئیداری و کاری و پیشەیی بۆ ئەندامانی نەتەوەکانی دیکە دروست دەکەن. بۆ خوێندنی خوێندکاران لە پلەی بەرزی خوێندن لە زانستگاکاندا لەباتی پلەی زانستی، تستی ئیدئولوژی بەرتری هەیە. ئەو خوێندکارانەی کە لە تستی ئیدئولوژیدا قەبووڵ نەبن، زۆرکەم شانسی درێژەدان بە خوێندنیان هەیە.
هەر لە بەندەی ١٥ی قانوونی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە نەتەوەکانی دیکە دەتوانن لە رۆژنامە و میدیا ناوچەیەکاندا لە زمانی نەتەوەیی خۆیان کەڵک وەربگرن، بەڵام ئەم بەشەش بە کردەوە رێزی لێ نەگیراوە و، لە کوردستانی ئێراندا بە دەیان گۆڤار و رۆژنامە قەدەخە کراون و داخراون. بە دەیان نووسەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و چالاکی بواری کۆمەڵگای مەدەنی دەستگیر و بە تۆمەتی ناڕەوا حوکم دراون زیندانی کراون.
راسپاردەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ بۆ پێنجەمین فورومی کەمایەتییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمانەی خوارەوەن:
1- داوا لە فوروم دەکەین کە هەوڵ بدات ئێران دەست لە سیاسەتی پەراوێز خستنی زمانی کوردی هەڵبگرێ و مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ منداڵانی کورد لە قوتابخانەکاندا دەستەبەر بکا.
2- داوا دەکەین کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەست لە داخستنی بڵاوکراوە کوردییەکان و راونان و گرتنی رۆژنامەنووسان و نووسەر و رۆشبیرانی کورد هەڵبگرێ و، ئیجازەیان پێ بدا تا لە چوارچێوەی تێکۆشانی پیشەیی خۆیاندا ئازادی کەڵک وەرگرتنیان لە زمانی سکماکی خۆیان هەبێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ

Friday, December 7, 2012

بانگه‌وازی بۆ هه‌ڵوێست گرتن له‌ به‌رانبه‌ر ڕووداوی شیناوێ

داوا له‌ قوتابیان ده‌كرێت رۆژى شه‌ممه‌ ده‌وام نه‌كه‌ن
له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ماته‌مینى گشتى راگه‌یه‌نرا و مامۆستایانى شارۆچكه‌ى پیرانشاریش داوا له‌ قوتابیان ده‌كه‌ن رۆژى شه‌ممه‌ ده‌وام نه‌كه‌ن.دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ چوارشه‌ممه‌ كۆمه‌ڵێك چالاكوانى مه‌ده‌نى له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان داوایان كرد كه‌ ئه‌مڕۆ بكرێته‌ ماته‌مینى گشتى بۆ رێزگرتن له‌ قوربانیانى كاره‌ساتى سووتانى قوتابخانه‌ى شێناوێ. ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ به‌ شێوازى جۆراو جۆر ئه‌و ماته‌مینییه‌ راگه‌یه‌نرا. مامۆستایانى شارى پیرانشار، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد و ره‌خنه‌ له‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى ئێران ده‌گرن، كۆپییه‌كى به‌یاننامه‌كه‌ بۆ (رووداو) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌ "له کاتێکدا خه‌می روودانی کاره‌ساتی قوتابخانه‌ی شیناوێی پیرانشار فه‌زای شاری ته‌نیوه، هه‌ڵوێسته‌کانی وه‌زیری په‌روه‌رده له چه‌ند رۆژی رابردوو دا، سه‌باره‌ت به کاره‌ساتی شیناوێ له مه‌جلیسی ئێران و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داواکاری نوێنه‌رانی کورد له مه‌جلیس سه‌باره‌ت به ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده، بووه به مایه‌ی ناڕه‌زایه‌تی گشتی خه‌ڵک وهه‌موو لایه‌نه‌کان".هه‌ر له‌ باره‌ى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى ئێران، له‌ به‌شێكى دیكه‌ى به‌یاننامه‌كه‌ هاتووه‌ "ئێمه وه‌ک مامۆستایان و چالاکانی مه‌ده‌‌نی شاری پیرانشار هه‌ڵوێسته‌کانی وه‌زیری په‌روه‌رده به وێنه‌ی خه‌مساردی و بێ مه‌سئولیه‌تی وه‌زیر له به‌رامبه‌ر روودانی کاره‌ساتی شیناوێ ده‌زانین و شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ین".بۆ ده‌ربڕینى هاوخه‌مى و هاوسۆزى بۆ كه‌سوكارى قوربانیانى رووداوه‌كه‌ى شێناوێ، ئه‌و مامۆستایانه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا داوا له خه‌ڵکی پیرانشار و گونده‌کانی ده‌وروبه‌رى ده‌كه‌ن "بۆ هاوخه‌می له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته و پێشگیری له ئه‌گه‌ری روودانی کاره‌ساتی هاوشێوه له داهاتوودا رۆژی شه‌ممه‌ى داهاتوو رێككه‌وتنى 15/12/2012 ناره‌زایی گشتی و مه‌ده‌نی خۆیان به ن ه‌ناردنی منداڵان بۆ قوتابخانه‌کان ده‌ربڕن". چونكه‌ به‌ بڕواى ئه‌وان "رێکخستنی مانگرتنێکی به‌م چه‌شنه ده‌توانێت نیشانگه‌ری نارازی بوونی خه‌ڵک بێت سه‌باره‌ت به بارودۆخی ناله‌باری قوتابخانه‌کانی شاری پیرانشار و گونده‌کانی ده‌وروبه‌رى".
ئێمه‌ وه‌ک یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ باڵ ئه‌و کۆده‌نگییه‌و داوا ده‌که‌ین قوتابیان و مامۆستایان له‌ ئاماده‌ بوون له‌ قوتابخانه‌کان له‌ رۆژی شه‌ممه‌دا خۆ ببوێرن، به‌ڵکو به‌و شێوازه‌ مه‌ده‌نیانه‌ ده‌نگی ناڕه‌زایی خۆمان به‌رانبه‌ر به‌م خه‌سار و که‌مته‌رخه‌مییه‌ی حکومه‌ت ده‌رببڕین.
رێکكەوتی 2012/12/5، پۆلى قوتابیانى كچى پۆلى چواره‌مى سه‌ره‌تایى قوتابخانەی شۆڕشی گوندی شیناوێی پیرانشار، به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى سۆباوه‌ ئاگرى تێبه‌ربوو.لەو رووداوەدا، 37 قوتابی و مامۆستای پۆلەکە ئاگریان تێبەربوو و هەندێک لە قوتابییەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی ورمێ، مەهاباد و تەورێز کران.ئەو رووداوە رای گشتی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، بەشێوەیەک کە زۆربەی بەکاربەرانی فەیسبووک لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەی پڕۆفایلەکانی خۆیان بۆ وێنەی ئەو کچانە و رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە گۆڕی.
یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
7/12/2012