Tuesday, June 11, 2013

به‌یاننامه‌ی یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستان به‌ بۆنه‌ی بێڕێزی کردن به‌ ئایینی پیرۆزی یارسان

به‌یاننامه‌ی یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستان به‌ بۆنه‌ی بێڕێزی کردن به‌ ئایینی پیرۆزی یارسان
هاونیشتمانه‌ به‌ڕێزه‌کان، مامۆستا و قوتابیانی نیشتمان پارێز
به‌ درێژایی مێژوو و به‌تایبه‌تی له‌ ته‌مه‌نی نه‌گریسی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێمه‌ی کورد به‌ هه‌موو پێکهاته‌ زاراوه‌یی و ئایینیه‌وه‌، رووبه‌ڕووی گووشار و زه‌خت و بێ رێزییه‌کی زۆر بووینه‌وه‌ و دوژمنان و نکۆڵکه‌رانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ هیچ چه‌شنێک خۆیان له‌م کرداره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ نه‌پاراستوه‌ و به‌ڵکو بگره‌ په‌ره‌شی پێده‌ده‌ن و ئیزن به‌ هه‌موو کاردار و مووچه‌خۆره‌کانیان ده‌ده‌ن بێ رێزیه‌کانیان په‌ره‌ پێبده‌ن و له‌م کاره‌ نه‌پرینگێنه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ ئه‌م بێ رێزیانه‌ له‌م رۆژانه‌دا له‌ناو رێڕه‌وانی ئایینی ره‌سه‌نی یارسان په‌ره‌ی سه‌ندوه‌ و ئه‌م کاره‌ به‌تایبه‌ت له‌ قوتابخانه‌کان زۆر به‌رچاوه‌ و بکه‌رانیشی سزا نادرێن.
هه‌ر بۆیه‌ش دوو که‌س له‌ په‌ریه‌وانی ئایینی یارسان بۆ ده‌ربڕینی ناره‌زایی هه‌مبه‌ر به‌م کرداره‌ دڕندانه‌یه‌ی کۆماری ئیسلامی ئاگریان له‌ جه‌سته‌ی خۆیان به‌رداو ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆی مردنی ئه‌م دوو که‌سه‌ و ئێستاش له‌ شاره‌کانی کرماشان و هه‌مه‌دان و ئیلام، ده‌نگی ناره‌زایی به‌رز بۆته‌وه‌.
ئێمه‌ش وه‌ک یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای بێزاری ده‌ربڕین له‌ هه‌مبه‌ر کرداری له‌م چه‌شنه‌، ده‌نگی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ده‌نگی برایانی یارسانمانه‌وه‌ و ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ مه‌حکوم ده‌که‌ین و رایده‌گه‌یه‌نین که‌ ئه‌م کرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌یه‌ ته‌نیا بێ رێزی به‌ یارسانیه‌کان نیه‌ و به‌ڵکو به‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ به‌ هه‌موو پێکهاته‌ زاراوه‌یی و ئایینیه‌که‌وه‌
بڕووخێ کۆماری سێداره‌ی ئیسلامی ئێران
شه‌کاوه‌ بێت ئاڵای کورد و کوردستان
یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
11/6/2013ی زایینی

Sunday, June 2, 2013

ده‌سرێژی کران بۆ سه‌ر مامۆستایه‌کی کورد له‌ کرماشان

به‌ پێی ئاگاداریه‌کان له‌ شاری کرماشانه‌وه‌، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی جۆزەردان یەکێک لە مامۆستای قوتابخانەکانی کرماشان بەناوی "ئیلخانی" لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە بە زەبری گولـلە کوژرا.
تەرمی ئەو مامۆستایە لەلایەن بکوژە یان بکوژەکانییەوە بە چەقۆ لەت لەت کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ کەسێک لەپەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ئەو مامۆستا کوردەدا دەستبەسەر نەکراوە.

هه‌روه‌ها ئێواره‌ی رۆژی سێشەممە لە کاتێکدا هاووڵاتییانی کرماشان ویستیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو رووداوە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی پێکبێنن، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کران بوونەوە.

یه‌کیه‌تی پیشه‌یی مامۆستایان وێڕای ده‌ربڕینی په‌ژاره‌ی خۆی له‌مباره‌وه‌ هیواداره‌ مامۆستایانی شاری کرماشان هه‌مبه‌ر کرداری له‌مجۆره‌ بیده‌نگ نه‌بن و هه‌روه‌ها ئه‌م کرده‌وه‌ ناجوانمیرانه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ یه‌که‌م کرده‌وه‌ی له‌م چه‌شنه‌ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی نگریسی کۆماری ئیسلامی دا نیه‌، مه‌حکوم ده‌که‌ین.
به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامیدا مامۆستایان به‌ خراپترین شێوه‌ بێ رێزیان پێکراوه‌ و شان و شکۆی مامۆستا به‌ ته‌واوی له‌ناو چوه‌ و هیچ ئۆرگانێکی ره‌سمی بۆ پاراستنی مافی مامۆستایان نیه‌ و ئه‌مه‌ش رێز و مافی مامۆستایانی پێشێل و بێ بایه‌خ کردوه‌.

June 2, 2013