Thursday, October 23, 2014

نه‌خوێنده‌واری گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی پێشكه‌وتنی وڵاتا


تێبینی: لە کوردپا وەرگیراوە
1393/06/17 - 2014-09-08  

هێمن ئه‌مین شوانی 
نەخوێندەواری لە زۆرێك لەوڵاتان بۆتە دیاردەیەكی زەق و به‌ربڵاو، بەتایبەت لە وڵاتە دواكەوتووەكان، یان هەژارەكان، یاخود وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، ئەوەش كاریگەری زۆری كردۆتە سەر دۆخی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە لەو وڵاتانە. هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی كە نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ڕۆژی (٨)ی ئەیلولی هەموو ساڵێك تایبەت بكات بەڕۆژی جیهانی نەخوێندەواریی، ئەو ڕۆژە كه‌له‌كۆنگرەی نێودەوڵەتی وەزیرەكانی پەروەردە و فێركردن بڕیاری لێدرا، كۆنگره‌كه‌تایبه‌ت كرابو به‌نەهێشتنی نەخوێندەواری لە ڕۆژانی (٨ تا ١٩ ئەیلولی ١٩٦٥) لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچو، بەوەش دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ئەو كۆنگرەیەو لە تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٦٦) یۆنسكۆ ڕۆژی (٨)ی ئەیلولی هەموو ساڵێكی كرد به‌ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری، له‌وكاته‌وه‌یۆنسكۆ بۆ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری ساڵانە ئاهەنگ و مەراسیم و كۆڕو كۆبونەوەی جۆراو جۆر دەگێڕێت و بەبیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەهێنێتەوە كە خوێندەواری مافێكە لە مافەكانی مرۆڤ و بنەمایەكە بۆ هەموو پڕۆسەیەكی پەروەردە.

ئه‌مساڵێش له‌ڕۆژی جیهانی نه‌خوێنده‌واریدا وڵاتانی (جه‌زائیر، بوركینا، ئیكوادۆر، باشوری ئه‌فریكیا و ئیسپانیا) له‌لایه‌ن یونسكۆ له‌رۆژی دووشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (٨/ئه‌یلولی ٢٠١٤) بۆنه‌یه‌كی تایبه‌تدا كه‌له‌(ده‌كا)ی پایته‌ختی به‌ندگلادیش به‌ڕێوه‌ده‌چێ خه‌ڵات و بڕونامه‌ی ڕێزلێنان ده‌به‌خشێته‌ئه‌و وڵاتانه‌، خه‌ڵاته‌كه‌بۆ هه‌ریه‌ك له‌وڵاتانه‌بریتیه‌له‌(٢٠٠٠٠) بیست هه‌زار دۆلار و بڕونامه‌و مه‌دالیایه‌ك. خه‌ڵاته‌كانیش بریتین له‌:

یه‌كه‌م/ خه‌ڵاته‌كانی "یونكسۆ – پاشا سیجونگ بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری" بۆ ساڵی ٢٠١٤ پێشكه‌ش ده‌كرێت به‌:

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئیكوادۆر له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ڕه‌خساندنی خوێندنی بنه‌ڕه‌تی بۆ لاوان و به‌ساڵاچوان، كه‌به‌هۆیه‌وه‌زیاتر له‌(٣٢٥٠٠٠) هه‌زار كه‌س له‌ساڵی (٢٠١١)ه‌وه‌سودیان لێ وه‌رگرتوه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا ته‌نها چڕ نه‌كرابوه‌و له‌فێربونی خوێندن و نوسین، به‌ڵكو بواره‌كانی نیشتمانپه‌روه‌ری و ته‌ندروستی و خۆراكیشی له‌خۆگرتبوو.

ـ رابیته‌ی به‌هێزكردنی فێربون نا ره‌سمی له‌بوركینا فاسو، له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جیكردنی به‌رنامه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌پیدانی تواناكانی ژنان، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌له‌ساڵی (١٩٩٧)ه‌وه‌چۆته‌بواری جیبه‌جێكردنه‌وه‌و تا ئیستا (١٨٠٠٠) ژن له‌وڵاتانی فره‌زمان و كه‌لتور سودیان لێ بینیوه‌، هه‌روه‌ك سه‌ركه‌وتنی باشی له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌ژاری و پاراستنی دارستان و پیسپبون به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ش له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی چالاكیه‌كانی به‌(پێنچ) زمانی ناوچه‌یی.

دووه‌م/ خه‌ڵاته‌كانی "یونكسۆ – كۆنفۆشیوس بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری" بۆ ساڵی ٢٠١٤ پێشكه‌ش ده‌كرێت به‌:

ـ كۆمه‌ڵه‌ی جه‌زائیری بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری (بخوێنه‌)، كه‌كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ناحكومیه‌و له‌ساڵی (١٩٩٠) دامه‌زراوه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ش به‌هۆی پڕۆژه‌كانیه‌وه‌تا ئێستا زیاتر له‌(١٧٠٠٠) هه‌زار كه‌سی له‌ناوچه‌دور ده‌سته‌كان و لادییه‌كان فێره‌خوێندن و نوسین و كردوه‌به‌تایبه‌ت ژنان، سه‌رباری ئه‌وه‌ش هاریكاری یاسایی ئه‌و كه‌سانه‌ی كردوه‌بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆژه‌كانیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.

ـ خوێندنگه‌ی فێربون به‌دریژای ژیان له‌پێناو بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌له‌بۆلیگونو سور له‌ئیسپانیا، ئه‌م خوێندنگه‌یه‌كار ده‌كات بۆ دروستكردنی تۆڕێكی په‌یوه‌ندی فێركاری له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌سێك كه‌خاوه‌ن كه‌لتوری جۆراو جۆرن، ئه‌وه‌ش هاوڵاتیان ئیسپانیاو كۆچكردوه‌كانی باكوری ئه‌فریكیاو هه‌ندێك له‌تاكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی (روم) له‌خۆده‌گرێت.

ـ په‌یمانگه‌ی مولتینو بۆ زمان و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له‌باشوری ئه‌فریكیا و په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری، كه‌پێكه‌وه‌ده‌ستپێشخه‌ریان كردوه‌له‌جێبه‌جیكردنی پڕۆژه‌یه‌ك به‌ناونیشانی (پردێك بۆ داهاتو) كه‌بریتیه‌له‌به‌رنامه‌یه‌كی داهینه‌رانه‌و سود له‌ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌رده‌گیرێت بۆ پێدانی زانیاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای دانیشتوانی لادێنشینه‌كان و ئه‌و ناوچه‌شاریانه‌ی كه‌كه‌متر گه‌شه‌یان سه‌ندو، به‌ێ ره‌چاوكردنی ته‌مه‌نیان، پڕۆژه‌كه‌ش به‌زمانی ئینگلیزی و سێ زمانی ئه‌فریكی پێشكه‌ش ده‌كرا، پڕۆژه‌كه‌له‌ساڵی (٢٠٠٧)ه‌وه‌چوه‌بواری جیبه‌جیكردنه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌(٣٠٠٠٠) هه‌زار منداڵ له‌قوتابخانه‌و خویندنگه‌كان و (٦٠٠٠) هه‌زار له‌لاوان و به‌ساڵاچوان له‌بنكه‌كانی فێربو بنه‌ڕه‌تی و گه‌وران سودیان لێ بینی، پرۆژه‌كه‌ش بواره‌كانی ته‌ندروستی و ژینگه‌و بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی فێربونی پیشه‌یی له‌خۆگرتبوه‌.

كوردستان له‌ڕۆژی جیهانی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واریدا:
بەئاوڕدانەوە لە مێژووی كورد و كوردستان، دەبینین كوردستان دوچاری داگیركاری و شەڕو شۆڕی زۆر بووەتەوە، ئەوەش ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر دۆخی ژیانی كۆمەڵایەتی، لەناویشیاندا بواری خوێندن و پەروەردە و بەدەستهێنانی زانست، بەڵام لەسەردەمی حكومڕانی كوردی هەوڵەكان چڕكرانەوە بۆ كەمركردنەوەو بنەبڕكردنی نەخوێندنەواری لە كوردستان، بۆیه‌لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)ی خەڵكی كوردستان و بەڕێوەچوونی یەكەمین هەڵبژاردنی پاڕلەمان لە (١٩/٥/١٩٩٢) و پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (٤/٧/١٩٩٢)دا، لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوه‌كە بەشێك بوو لەو كابینەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهاریكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و، بەتایبەت ڕێكخراوەكانی (یۆنسكۆ، یونسێف و هاپیتات) كارەكانی بۆ هێنانە ئارایی گۆڕانكاری لە بواری پەروەردە دەستیپێكرد، تا لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە بواری پەروەردە بڕواتە پێشەوەو گۆڕانكاری گه‌وره‌له‌و بواره‌دا به‌دی بهێنێت، بەوەش لە ڕووی چەندایەتیەوە ساڵ دوای ساڵ ژمارەی خوێندكاران و قوتابیان ڕوویان لەزیادبوون كردوە، لە ڕووی چۆنایەتیشەوە هەوڵی بەردەوام هەبووە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن و به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می خوێندن و فێركردن، ئەو هەوڵانەش لە (٢٢-٢٤ی ئایاری ٢٠٠٧ گەیشتە لوتكە، كاتێك كە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی كۆنگرەیەكەوە بڕیاری گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیدا، كە خاڵی یەكەمی ئەو كۆنگرەیە بنەبڕكردن، یان كەمكردنەوەی وازهێنان بوو لە خوێندن".

 بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواریش سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای دەستبەكاربوونی لە ساڵی (١٩٩٢) "١٥ بنكەی نەهێشتنی نەخوێندەواری كردەوە، كە (١٨٤٢) فێرخوازی لەخۆگرتبوو"، بەڵام بەهۆی ئابڵوقەی ئابوری لەسەر عێراق و ئابڵوقەی عێراقیش لەسەر كوردستان و هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، وایكرد ژمارەی نەخوێندەواران ڕوو لە زیادبوون بكات، بەتایبەت زۆرێك لە گەنجان ئەو كات ناوەندەكانی خوێندنیان جێهێشت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی، كە ڕێژەی نەخوێندەواری (٣٧%)ی تۆماركرد". بەئامانجی ڕزگاركردنی تاكەكانی كۆمەڵگە لە نەخوێندەواری و دابینكردنی مافی تاكەكان و هاندانیان بۆ فێربوون و چوونە بەرخوێندن و نەهێشتنی دابڕاوان (المتسربین) لە قوتابخانەو خوێندنگەكان و ڕەخساندنی هەلێكی باش و گونجاو بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەیان لەبەردەمدا واڵا بێت و بەهاوشانی هاوەڵانیان بگەن بەماف و داخوازی ئاواتەكانیان و بەكارامەیی و سەربەستی لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا بەشداربن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هەڵمەتی (نەهێشتنی نەخوێندەواری) لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان لە ساڵی (٢٠٠٠ تا ٢٠١٢) توانیوییەتی(٣٥٦٨٢١) كەس لە نەخوێندەواری دەرباز بكات.

 ئەم پڕۆژەو كارە بەردەوامانەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بنەبڕكردنی نەهێشتنی نەخوێندەواری و بونیادنانی كەسایەتی مرۆڤی كورد لە ماوەی ١٠ ساڵدا (٢٠٠٠-٢٠١١)، بوونە هۆكاری كەمبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لە (٣٤%) بۆ (١٦%)، بڕوانە وێنەی ڕاڤەی ژمارە(١)".

وێنەی راڤەیی ژمارە (١)رێژەی خوێندەواران و نەخوێندەواران لە كوردستان پیشان دەدات
21949.jpg

 لە پاڵ ئەوانەشدا وەزارەتی پەروەردە بەپێی ئەو پلانەی دایناوە "بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی هەوڵەكانی بۆ بنەبڕكردنی نەخوێندەواری لە كوردستان تا ساڵی (٢٠٢٠)، كە لە ئێستادا (٢٧٠) هەزار كەس نەخوێندەوار لە كوردستان هەیە، ژنان (٦٠%) ئەو ژمارەیەو، پیاوانیش (٤٠%) ژمارەكە پێك دەهێنن، كە تەمەنیان لە نێوان (١٥-٤٥) ساڵاندایە"، هەروەك بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی پەروەردە دایڕشتووە لە دوو ساڵی داهاتوودا ڕێژەی نەخوێندەواری لە كوردستان لە (١٦%) بۆ (١٠%) دادەبەزێنن، ئەوەش بەسوودمەندبوونی (٩٠) هەزار فێرخواز لەو ماوەیەدا، ئامانجی سەرەكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بنەبڕكردنی نەخوێندەواری لە هەردوو ڕێگەی بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و خوێندنی خێرا، ڕۆڵێكی فراوانی گێڕاوە لەسوود گەیاندن بەتاكەكانی كۆمەڵگە بەخوێندن و خوێندەواری و ڕزگاربون لە دنیایی تاریكی، ئەوەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا حكومەتی هەرێم پلان دابڕێژێت بۆ گەشەپێدانی زیاتری توانا مرۆییەكان، ئەوەش لە ڕێگەی هاریكاریكردنی تاكەكانی كۆمەڵگە بۆ ئەوەی لە نەخوێندەواری شارستانی دەربازیان بێت و، بتوانن لەگەڵ پێشكەوتنەكانی سەردەم و كۆمەڵگەی زانیاریدا بڕۆن و خوێندن ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی تاكی داهێنەر لێ‌بەرهەم بێت، بەشێوەیەك خزمەت بەكۆمەڵگەو لایەنە جیاكان بكەن. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ئایا هاتنی ئه‌و ژماره‌زۆره‌ی ئاواره‌بۆ هه‌رێمی كوردستان و خراپبونی دۆخی ئابوری هه‌رێمی كوردستان و نه‌كردنه‌وه‌ی نزیكه‌ی (٩٠٠) قوتابخانه‌و خوێندنگه‌له‌كاتی خویدا نابنه‌به‌ره‌به‌ست له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌له‌ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥) بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری له‌كوردستان؟

دۆخی نه‌خوێنده‌واری له‌عێراق:
 دۆخی نەخوێندەواری لە عێراق بەهەڵبەزو دابەزی زۆردا تێپەڕبووە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قۆناغە سیاسیانەی كە وڵاتەكە لەماوەی ڕابردوو بەخۆیەوەی بینیوە، لە ئێستاشدا بەهۆی نەبوونی سەرژمێری گشتی، ئامارو داتا و ژمارەی جۆراوجۆر سەبارەت بەنەخوێندەواری لە عێراق دەخرێتەڕوو، ساڵی ڕابردو زۆبەیان جەختیان لەسەر ئەوە دەكرده‌وه‌، كه‌ڕێژەی نەخوێنداری گه‌یشتۆته‌(٦ بۆ ٧) ملیۆن كەس، عێراق لە نێو وڵاتانی عەرەب لە ئاستی نەخوێندەواری و، یەكێكە لە وڵاتە دواكەوتووەكان"، گومانی تێدا نیه‌ژماره‌كه‌بۆ ئه‌مساڵ زۆر زیادی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌سیاسی كه‌سه‌ری هه‌ڵداوه‌.

نه‌خوێنده‌واری له‌سه‌ر ئاستی جیهان:
بەبەراوردكردن بەڕابردوو تا ئێستا ڕیژەی نەخوێندەواری لە وڵاتانی عەرەبی هەر زۆرە، بۆ نمونە "ڕیژەی نەخوێندەوارانی دانیشتوانی وڵاتە عەرەبیەكان، ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی (٢٥) ساڵیەوەیە لەسەرەتای حەفتاكان گەیشتبوه‌( ٧٠%)، لەو ڕێژەیەدا (٤٠% نێر و ٦٠% مێ‌) بوون"، بەڵام بەبەراورد بەوڵاتانی دیكە تا ئێستاش ڕیژەی نەخوێندەواری لە وڵاتانی عەرەبی هەر زۆرە، لەو چوارچێوەیەداو ڕێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە ڕۆشنبیری و زانست كە بە(الالكسو) ناسراوەو بارەگاكەی لە (تونس)ە لە ڕاپۆرتێكیدا كە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەخوێندەواری بڵاویكردۆتەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە "نەهێشتنی نەخوێندەواری بەكەموكوڕییەكی ناوچەی عەرەبی دادەنرێت كە تا ئێستا یەك لەسەر چواری دانیشتوان بێبەشبوون لە پڕۆسەی نەهێشتنی نەخوێندەواری، ڕاپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە ڕێژەی نەخوێندەواری لە نیشتمانی عەرەبی زۆرترین ڕێژە لەسەر ئاستی جیهان پێك دەهێنێت"، كە مصر، مەغریب، جەزائیر، یەمەن و مۆریتانیا لە پێشینەی وڵاتانی عەرەبی دێن كە زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەواریان تێدایە.

هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا دێت ئەو وڵاتانە بودجەكانیان بۆ فێركردنی بنەڕەتی كەمتر دەكەنەوە، ئەوەش لەبەر خواستی خەڵك بۆ فێربوون، جگە لەوەی خوێندنی كچان بەهۆی نەریت و كەلتور تا ئێستاش كێشەو گرفتی زۆری لەبەردەمدایە كە نەیانتوانیوە هاوشێوەی ئەو پێشكەوتن و زانیارییانەی كە لە دونیادا ڕوو دەدەن بچنە پێشەوە.

نەتەوەیەكگرتووەكان بەدرێژایی مێژووی دامەزراندنی ڕێكخراوی یۆنسكۆ چەندین كۆڕو كۆنگرەی نێودەوڵەتی بەستووە و تیایدا "وڵاتانی ئەندامی پابەند كردووە بەدابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن و نووسین و ڕەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ منداڵان تا بەخۆڕایی و بەزۆر بخوێنن و هەلی یەكسانی خوێندن لە نێوان ژنان و پیاواندا بڕخسێنن، بەو پێیەی دابینكردنی هەلی خوێندن یەكێكە لە بنەماكانی مافی مرۆڤ". لە دواین هەوڵیشیدا نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەر ڕۆشنایی پەیامی ئەمیندارە گشتیەكەی كە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری ڕاگەیاند:" گرێبەستی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ ساڵی (٢٠١٣)ی ڕاگەیاند، وەك لە هۆكارەكانی بەستنی ئەو گرێبەستەشدا هاتووە كە بەستنی گرێبەستی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری گوزارشت لە خواستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ڕەخساندنی ژینگەی خوێندن بۆ هەمووان، كوڕان و كچان، ژن و پیاو، لە كۆمەڵگە نوستوەكان و پێشكەوتووەكانی ڕاگەیاند، ئەو گرێبەستەش لەسەر بنەمای ئەم سێ‌هۆكارەیە كە بریتین لە:

ـ  لەسەر ئاستی جیهان، لە پێنچ كەسی پێگەیشتوو، كەسێك بنەماكانی خوێندن و نوسین نازانێت، كە بەپێیی ئامارێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌ساڵی (٢٠١٣)دا  نزیكه‌ی (٧٧٥) ملیۆن كەس نەخوێندەوارن، كە ژنان سێ‌بەشی ئەو ژمارەیە پێكدەهێنن، ئەوەش بەهیچ شێوەیەك لە دنیای نوێدا جێگای قبوڵكردن نیە.

ـ  نەهێشتنی نەخوێندەواری مافێكە لە مافەكانی مرۆڤ، زیاتر لە (٥٠) ساڵە ڕاگەیاندراوی جیهان بۆ مافەكانی مرۆڤ دانی بەوەدا ناوە كە خوێندنی بنەڕەتی و نەهێیشتنی نەخوێندەواری ئامرازێكی خوێندنی بنەڕەتی بەمافێك لە مافەكانی مرۆڤی لەقەڵمداوە، بەڵام ڕێژەیەكی زۆری مرۆڤ بەبەردەوامی بێبەش دەكرێت لەو مافە.

ـ  تا بەئەمڕۆ دەگات ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە هەوڵدان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەگونجاوە، بەڵام بەستنی كۆنگره‌ی نەهێشتنی نەخوێندەواری هەلێكە بۆ هەوڵ و كۆششی دەستەجەمعی بەردەوام، بەشێوەیەك بەرنامەو هەڵمەتی تێپەڕین بۆ یەكەمجاره‌رێكدەخرێ.

یه‌كه‌مین هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ نه‌هیشتنی نه‌خوێنده‌واری:
نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی (١٩٤٦)دا ڕێكخراوێكی بەناوی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و ڕۆشنبیری ( یونسكۆ)ی دامەزراند. كارەكانی ئەو ڕێكخراوە پەیوەست كرا بەبوارەكانی (زانست، پەروەردە، ڕۆشنبیری)، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆر نەبوو جەنگی جیهانی دووەم كۆتایی پێهاتبوو، باری نەخوێندەواری لە زۆربەی وڵاتان و بەتایبەت ئەوانەی گلابوون بەجەنگەوە لە دۆخێكی خراپ و مەترسیداردا بوو، چونكە بەهۆی جەنگەوە ژێرخانی پەروەردە داڕمابوو. هەربۆیە یۆنسكۆ " لە ساڵی ١٩٤٦ دۆسێەی نەهێشتنی نەخوێندەواری و فێركردنی گەورانی كردە دیارترین و بەرچاوترین دۆسییەی خۆی كە زیاتر لەهەموو بوارەكانی دیكە بایەخی پێدا، ئینجا لەسەر ئاستی وڵاتانیش نەهێشتنی نەخوێندەواری و فێركردنی گەوران شوێنێكی دیاری لەكارە لە پێشینەكانی وڵاتان داگیركرد بەتایبەت وڵاتانی پێشكەوتوو. هەر ئەو بایەخپێدانەش بوو، بووە هۆكاری دابەزینی رێژەی نەخوێندەواری لە ناو دانیشتوانی جیهان كە لە ساڵی (١٩٥٠) ڕێژەكە (٥١%) بوو، لە ئێستاشدا (٢٠%)". بەڵام سەركەوتنی ئەو كارانەو دابەزینی ئەو ڕێژەییە لەسەر ئاستی وڵاتان بەشێوەیەكی یەكسان بەدینەهاتووە، بەڵكو ڕێژەكە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازی هەیە. هۆكاری ئەوەش ناگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی یونسكۆ، بەڵكو زۆربەی جار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری وڵاتەكان و پابەندبونیان بەو ڕێنماییانەی كە نەتەوەیكگرتووەكان لەو چوارچێوەیەدا و لە پێناو كەمكردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری لەسەر ئاستی جیهان دەری كردوە.

جۆره‌كانی نه‌خوێنده‌واری:
١. نەخوێندەواری سەرەتایی: واتا نەبوونی توانای خوێندن و نوسین و ژمارە، هەركەسێك تەمەنی بگاتە (١٢) ساڵان و نەتوانێ‌(بخوێنێ‌و بنوسێ‌و بژمێرێ‌و نەچووبێتە بەر خوێندن، یان دامەزراوەیەكی پەروەردەیی)، ئەوا پێی دەوترێت نەخوێندەوار. (یۆنسكۆ)ش بەم شێوەیە پێناسەی خوێندەواری كردووە "ئەو كەسانە بەخوێندەوار دادەنرێن، كە توانای خوێندن و نوسین و تێگەیشتنی ئەو ڕستە سادانەی هەبێت كە پەیوەندی بەژیانی ڕۆژانەیەوە هەیە، لەگەڵ بەهرەی پەیوەندیكردنی لە ڕێگەی نوسین و خوێندنەوە هەبێت و، زۆربەی جارانیش بەهرەی بنەماكانی ژمێرەی هەبێت". كەواتە مەبەست لە نەهێشتنی نەخوێندەواری گەیشتنی نەخوێندەوارانە بەئاستێكی خوێندەواری و ڕۆشنبیری كە بتوانن لە ڕێگەی خوێندن و نوسین و ژمێرە سود بەخۆیان و كۆمەڵگەكەیان بگەێنن.

٢. نەخوێندەواری شارستانی: نەخوێندەواری شارستانی بەو كەسە خوێندەوارانە دەوترێت كە توانای ئەوەیان نییە هاوشانی سەردەمەكەی خۆیان بڕۆن بەڕێوە، ئەم جۆرە نەخوێندەوارییەش چەندین لق و پۆپی هەیە، وەك نەخوێندەواری كەلتوری، نەخوێندەواری زانیاری، نەخوێندەواری زانستی، نەخوێندەواری تەكنەلۆژیا، نەخوێندەواری ئەلكیترۆنی، نەخوێندەواری پزیشكی، نەخوێندەواری ئاینی...هتد، بەدڵنیاییەوە نەخوێندەواری پیشەیش".

گرنگی خوێنده‌واری:
بەبێ‌هۆ نیە، لەسەر ئاستی جیهان وڵاتان بەپێی توانای دارایی و قەبارەی نەخوێندەواری لە وڵاتەكانیان بایەخ بەنەهێشتنی نەخوێندەواری دەدەن و، لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانیدا ڕێگەو شێوازی جۆراو جۆر دەگرنەبەر بۆ هاندانی تاكەكانی كۆمەڵ تا فێری خوێندەواری ببن، هەر لەو بوارەشدا چەندین ڕێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی كار لەو پێناوەدا دەكەن و تاكەكانی كۆمەڵ بەپێویستی خوێندن و خوێندنەوە هۆشیار دەكەنەوە، چونكە "نەهێشتنی نەخوێندەواری ناوەخنی فێربوونی بنەڕەتیە بۆ هەمووان، ئەوەش هۆكارێكی سەرەكیە بۆ زاڵبوون بەسەر هەژاری، و دابەزینی ڕێژەی مردن، و سنوردانانی گەشەی دانیشتوان، و پەیڕەوكردنی یەكسانی نێوان نێرو مێ‌، و پاراستن و گەشەپێدانی ئاشتی و دیموكراسی".

 كەواتە خوێندەواری فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ یارمەتیدانی تاك تا بتوانێت زاڵ بێت بەسەر كۆی كێشەكانی ژیانی ڕۆژانەی لە هەموو بوارەكانی تەندروستی، ئابوری، كۆمەڵایەتی...هتد، سەرباری ئەوەی تاك بەهۆی خوێندەوارییەوە دەتوانێت گەشە بە توانا جەستەیی و عەقڵییەكانی خۆی بدات، دواتریش هەر بەهۆی خوێندەوارییەوە كۆمەڵ دەتوانێت سوود لە وزە و توانای تاكەكانی خۆی وەربگرێت بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵ و بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی وڵات، بەپێچەوانەوە هەر كۆمەڵگەیەك كە ڕێژەی نەخوێندەواری تێدا بەرز بێت، لەكاتی سەرهەڵدانی هەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، یان ئابوری، یاخود بڵاوبونەوەی پەتایەك بەئاستەم تر دەتوانێت تاكەكانی لێ‌دەرباز بكات، یان پەیامەكانی خۆ دەربازبوون بەئاسانی و، لە ماوەیەكی كورتدا بگەێنێتە تاكەكانی كۆمەڵگەكەی، ئینجا كێشە تاكە كەسیەكانی كەسی نەخوێندەواریش با لەولاوە بوەستێت كە ڕۆژانە ڕوبەرووی دەبێتەوە.

لێرەوەش بۆمان ڕوون دەبێتەوە، كە خوێندن لەگەڵ ئەوەی سوود بەتاك دەگەێنێت و، لەسەر ئاستی كۆمەڵ و كۆمەڵگەش سوودی زۆری هەیە. لەسەر ئاستی تاكە كەسێك كە خوێندەوار بێت، سوودی دەبێت بۆ:

١. چەندە تاك توانای خوێندنی فراوان بێت، ئەوەندە لە كاروبارەكانی ژیان و پەیوەندییەكانیدا توانایەكی لۆژێكی دەبێت لەهەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی شتەكان بەشێوەیەكی دروست.

٢. توانای بەدەستهێنانی بەرهەمی زیاتری دەبێت، ئەوەش كاریگەری لەسەر جۆری ژیارو ژیانی دەبێت، لەو بوارەدا توێژینەوەیەك ئەوەی دەرخستووە، كە هەموو ساڵێكی خوێندن سەرچاوەی تاك لەڕووی بەرهەمەوە بەڕێژەی (١٠%) زیاد دەكات.

٣.  دروستكردنی بناغەیەكی بەهێز و ڕوونی كاركردن، بەشێوەیەك بەهرەی باڵای دەبێت، ئەوەش بەبڕبڕەی پشتی ئابوری دینامیكی دادەنرێت، كە توانای كێبڕكێ جیهانیەكانی دەبێت.

٤.  بەخشینی زانیاری لە زۆربەی بوارەكان بەتاك و، بەچەكی زانستی هەموو تاكێك دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا توانای بیركردنەوەی تاك فراوان دەكات، هەروەك توانای داهێنان و خەیاڵ فراوانی دەبەخشێتە تاك.

٥.جگە لەوانەش، تاك بەگرنگی ئینتیمای نەتەوەیی و ئاینی و جیهانیەكان هۆشیار دەكاتەوە، هەروەك ڕۆڵیش دەگێڕێت لە دیاریكردنی بەهاو كەلتور و نەریتەكان و ئاگاداربوون لەو گۆڕانكاریانەی لەدەورووبەری ڕودەدەن.

٦.هەرچەندە پلەی خوێندنی تاك بەرزتر بێت، پلەی نوێبونەوەی كەسایەتیش زیاتر دەبێت، بۆیە هەرچەندە ژمارەی ئەو تاكانەش لە كۆمەڵگەدا زۆربێت، ئەوا ئەو كۆمەڵگەیە چارەنوسی دەچێتە ناو كۆمەڵگە نوێیەكانەوە، بەوەش گۆڕانكاری گرنگ ڕودەدات.

 كەواتە ئەگەر لەسەر ئاستی تاك نەهێشتنی نەخوێندەواری و خوێندن ئەو جۆرە سوودانە ببەخشێت بەتاك، بێگومان لەدواجاردا كۆمەڵگەش سوودەمەند دەبێت، چونكە تاكەكان پێكهێنەری سەرەكی كۆمەڵگەن. ئەمە ئەگەر بۆ كۆمەڵگە لە ڕابردوو گرنگ بووبێت، ئەوا بۆ ئەم سەردەمە، كەبەسەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو گۆڕانكارییە ماددییەكان ناسراوە، گرنگیەكەی چەند بارە كردۆتەوە، چونكە "ئەو دۆخە ئاڵۆزو پڕ لە گۆڕانكارییەی ئەمڕۆكە وایكردووە، كە سیستەمی پەروەردە ئەركی لە جاران قورستر بێت، واتا گۆڕینی لە پڕۆسەیەكەوە، كە سیستەمی پەروەردە ئەركی تەنیا ئامادەكردن و پێگەیاندنی مرۆڤ بووە لە قۆناغێكی تەمەنی دیاریكراوەوە بۆ ستراتیژیەت، كە دیاردەی گۆڕانكاری و كاریگەرییەكان لەسەر تاك و كۆمەڵگە بەڕەهەندی جیاوازیانەوە لەبەرچاو بگیرێت، لەهەمان كاتدا قبوڵی مرۆڤ لە گشت قۆناغەكانی تەمەن بكات، كە پێیدا تێپەڕ دەبێت". لێرەدا ڕۆڵی پەروەردەو خوێندنمان لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە بۆ دەركەوت، هەر ئەو ڕۆڵەش وای لە "فەیلەسوفی بەناوبانگی ئاڵمانی (جوهان فیختە كرد بڵێ‌: دوای تێكشكانی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم، تەنها پەروەردە توانی وڵات لەخراپیەكانی ڕوداوەكانی شەڕ لەم سەردەمەدا ڕزگار بكات".

لەلایەكی دیكەوە ژاپۆن كە ئێستا بەیەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا دادەنرێت، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دەوڵەتێكی ڕوخاو بوو، بەڵام سەركردەكانیان توانیان لە ڕێی دانانی پلان و بەرنامەی جۆراو جۆر تواناكانی مرۆڤی یابانی بەگەڕبخەن و بیانكەنە سەنتەری بنەڕەتی و سەرەكی بۆ بەرجەستەبوونی هەموو گۆڕانكاری و داهێنانەكان. هەر ئەو هۆكارانەش بوو، وای لە وەزیری خوێندنی باڵای ژاپۆن كرد بڵێت" نهێنی پێشكەوتن و سەركەوتنمان، كە ژاپۆن بەدەستیهێنا لە گشت بوارەكانی ژیان لە پەروەردە ئاكارییەكانماندا بەرجەستە دەبێت"، هەر لەو چوارچێوەیەدا كۆریای باشور لە ڕێگەی پەروەردەو خوێندن توانی بگاتە ڕیزبەندی یەكێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان، ئەو وڵاتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و دواتریش جەنگی ناوخۆی كە دواتر بەجیابوونەوەی كۆریای باكور كۆتایی هات، سیئۆل هاتەسەر وڵاتێكی وێران و خاپور كراو، كۆریای باشور جگە لە خەڵوز، خاوەن هیچ سەرچاوەیەكی سروشتی نیە و بگرە (٧٠%) ئەو وڵاتە (شاخ)ە، بەڵام لە ساڵی (١٩٥٣)دا لە ڕێگەی خوێندنەوە توانیان دەسكەوتی گەورە بەدەست بهێنن، چونكە لەو ساڵە بەدواوە خوێندن كرایە خۆڕایی و بەزۆر. لەو چوارچێوەیەدا و بەبەرزكردنەوەی دروشمی (خوێندن، خوێندن، خوێندن) كاریكرد بۆ بونیادنانەوەی كەسایەتی (مرۆڤی كۆری) و پێشخستنی (كۆمەڵگەی كۆری)، بەوەش "توانرا كۆریای باشور لە دەوڵەتێكی هەژارەوە بگاتە ڕیزی دەوڵەتە پێشكەوتووەكان. كۆریا كاتێك، كە لە جەنگی وێرانكاری دەربازی بوو، ناوەندی داهاتی تاك (٨٧) دۆلار بوو، بەڵام دوای سی ساڵ داهاتی تاك لەو وڵاتە گەیشتە (١٠) هەزار دۆلار. كۆریای باشور لە ساڵی ١٩٩١ بووە ئەندام لە ڕێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەپێدان (OECD)، كە ڕێكخراوێكی جیهانیە، هەروەك بەدووەم وڵات لە بواری پیشەسازی كەشتیوانی دادەنرێت، بەچوارەم وڵاتیش لە پیشەسازی ڕستن و چنین دادەنرێت و، بەپێنجەم وڵاتیش لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل دادەنرێت".

 هەموو ئەو دەسكەوتانەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پلانی پێگەیاندن و دروستكردنی سەرچاوەی مرۆیی بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵات لە تێكڕای بوارەكان بەدیهات، بایەخدان بە بواری پەروەردەو خوێندن، كە لەڕووی چەندایەتیەوە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدا دێت، كە زۆرترین ڕێژەی خوێندەواری تێدایە، هەروەها لەڕووی چۆنایەتیشەوە لە بواری خوێندن بەوڵاتێكی پێشكەتوو دادەنرێت، چونكە لە ساڵی (٢٠٠٢)دا بۆ هەر (٢٠) خوێندكارێك، مامۆستایەك دابینكرابوو، لەكاتێكدا بەپێیی پێوەرە جیهانیەكان، دەبێت بۆ هەر (٢٥) خوێندكارێك مامۆستایەك دابین بكرێت، ئەمە جگە لە هاوتەریبكردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن بەتەكنەلۆژیاو پێشكەوتنەكانی سەردەم و ئەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنانەی لە دنیادا ڕودەدات.

لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، بایەخدان بەبواری پەروەردەو خوێندن و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەو بنەبڕكردنی نەخوێندەواری چ كاریگەرییەكی دەبێت لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەو دەسكەوتنی زیاتر بۆ تاكەكان و گونجانی كۆمەڵگە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی لە دنیادا ڕوودەدەن.

تێببینی:
هه‌مو ساڵێك یونكسۆ له‌ڕۆژی جیهانی نه‌خوێنده‌واریدا (پێنچ) خه‌ڵات دابه‌ش ده‌كات خه‌ڵاتی "یونسكۆ – كۆنفوشیوس بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری" كه‌سێ خه‌ڵاته‌له‌ساڵی (٢٠٠٥)ه‌وه‌به‌پاڵپشتی حكومه‌تی كۆماری میللی چینی دابه‌ش ده‌كرێ. هه‌روه‌ك خه‌ڵاتی "یونسكۆ – پاشا سیجونگ بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری" كه‌بریتیه‌له‌دوو خه‌ڵات له‌ساڵی (١٩٨٩)وه‌به‌پاڵپشتی حكومه‌تی كۆماری كۆریا دابه‌ش ده‌كرێ.

No comments: