Tuesday, October 27, 2015

خۆکوژی منداڵێکی تەمەن دە ساڵان لە شاری شنۆ بە هۆی زەخت بۆ دانی پارەی یارمەتی بە قوتابخانە

وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە قوتابیان بەتایبەت لە ناوچە سنووری و کەمینە نەتەوایەتی و ئایینی نشینەکان، کێشەو ئاستەنگی زۆری بۆ قوتابیان و بنەماڵەکانیان ساز کردووە، لە مەریوان و پیرانشار تا ئیستا چەند قوتابی کچ بەو هۆکارەوە وازیان لە خوێند هێناوە و لە دواهەمین کارەساتدا بوو بە هۆکاری خۆکوژی قوتابیەک لە شاری شنۆ.
دۆینێ دووشەممۆ ڕێکەوتی چواری خەزەڵوەر لە گەڕەکی تاچین ئاوێی شاری شنۆ، هاوڕێ قادر شوان، قوتابی پۆلی چوارەمی بنەڕەتی، بە هۆی زەختی بەرپرسانی قوتابخانە بۆ دانی پارەی یارمەتی بە قوتابخانە و دەستکورتی بنەماڵەکەی بۆ دابین کردنی ئەو پارەیە، خۆی هەڵاوەسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی زانیارییەکان، هاوڕێ منداڵی بنەماڵەیەکی دەست کورت و کرێکاری شاری شنۆیە و بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە بڕە پارەی پێنج هەزار تمەن پارەی یارمەتی بە قوتابخانەی بۆ دابین بکەن و ئەوەش بۆتە هۆکاری زەخت بۆ هێنانی لە لایەن بەرپرسانی قوتابخانەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کاتێکدا کە دایک و باوکی هاوڕێی تەمەن دەساڵان، لەسەر کار و خەریکی سێو ڕنینن، لە ڕێگای خۆ هەڵاوەسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.

بە پێی زانیاری پەروەردە نیوز، بێ ڕێزی کردنی بەڕێوەبەر و مامۆستای قوتابخانە بە هاوڕێ بە هۆی نەدانی ئەو بڕە پارەیە، هۆکاری سەرەکی شکانی ئەو قوتابیە بووە و هانی داوە دەست بۆ خۆکوژی بەرێت.
تێبینی: وەرگرتنی پارە لە قوتابیەکان بە پێچەوانەی ماددەی سێ و سی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام ماەی سێ ساڵه و بەتایبەتی بە هۆی ئابلۆقە ئابوووورییکانی سەر ئێران، بەرپرسانی قوتابخانە و پەروەردە، زەختێکی زۆر لە قوتابی و بنەماڵەکانیان دەکەن بۆ دانی پارەی بەناو یارەتی بە قوتابخانە.

No comments: