Thursday, October 1, 2015

مامۆستایەکی کوردی شاری سنە بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مافی وانەوتنەوە بێبەش کرا


بە دەستووەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ ئیدارەی پەروەردە و فێركردنی ناوچەی یەكی ئەو شارە، "مەسعوود جەعفەری" مامۆستای قوتابخانە لە وانەوتنەوە بێبەش كرا.
ئەو بڕیاری ئەو ناوەندە ئەمنییەتییەی حكومەت لە ڕێگای حەراسەتی پەروەردە و فێركردنەوە بە قوتابخانەی نموونەی دەوڵەتیی "ئیمام شافیعی" ڕاگەیەندراوە.
مەسعوود جەعفەری كە یەكێك لە ئەندامانی مەكتەب قورئان لە شاری سنەیە، جاری پێشو لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ڕاستەوخۆ لە سەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات لە وانەوتنەوە بێبەش كرا كە دواتر بە هۆی گوشار و ناڕەزایەتی بنەماڵەی قوتابیان ئەو حوكمە هەڵوەشێندرایەوە.
ئەو مامۆستا كوردە كە ماوەی ٢٤ ساڵە لە قوتابخانەكان سەرقاڵی وانەوتنەوەیە، لە هاوینی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی‏دا، بۆ قوتابخانەی گوندەكانی "ننڵە" و "نایسەر" بەڕێ دەكرێت كە بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مەكتەب قورئان بە هۆی دابەزینی جۆری قوتابخانەی نمموونەی ئیمام شافیعی، بەرپرسانی قوتابخانە جارێكی دیكە داوا لە مەسعوود جەعفەری دەكەن بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی توندی حەراسەتی لێ دەكەوێتەوە.
بە پێی زانیاری سەرچاوە هەواڵدەرییەكان، بنەماڵەی قوتابیەکان بە گشتی لەو هەڵویست و کردارانەی  ئیدارەی پەروەردە و فێركردنی پارێزگای سنە ناڕازین، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی ئەو ئیدارەیە ڕایگەیاندووە: "ڕەوتی مەكتەب قورئان بۆ نیزام هێڵی سوورە".
شورای بەڕێوەبەریی مەكتەب قورئان ئەم شێوە هەڵسوكەوتەی بە "سەدەی ناوەڕاستی" ناودێر كردووە.

شیاوی ئاماژەیە کە لە پووشپەڕی ئەو ساڵدا عابد پەرویزی مامۆستای وانەی زمانی ئینگلیسی و جێگری پەروەردەی دواناوەندی شاری پیرانشار  بە هۆی چالاکی فەرهەنگی کەوتۆتە بەر هەڕەشەی دەرکران و پێی ڕاگەیێندراوە لە ئەگەری وازنەهێنان لە چالاکی فەرهەنگی لە وانەوتنەوە بێبەش و لە کار دەردەکرێت. 

تێبینی: سەرچاوەی سەرەکی ئەم هەواڵە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپایە







No comments: