Tuesday, December 1, 2015

گڕگرتنی سۆبه‌یه‌كی نه‌وتی بوو به‌ هۆی سووتانی مامۆستایه‌ك

لە قوتابخانیەکەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، مامۆستایەکی قوتابخانە بە هۆی ئاگرگرتنی سۆبەی قوتابخانە، سووتا

به‌پێی زانیارییەکان،  ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٩ی سه‌رماوه‌ز، له‌ قوتابخانه‌ی عه‌لیپوور له‌ گوندی "قووپووز"ی شارستانی هه‌شتڕوود، سۆبه‌ی پۆله‌كه‌ ئاگری گرت و ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ قوتابیه‌كان بكه‌ونه‌ ژێر مه‌ترسی سووتانه‌وه‌.

ئیبراهیم سولێمانی خه‌ڵكی گوندی قووبووز وتی نه‌بوونی کەرستەیی پیویستی ئاگر كوژێنه‌وه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌م پۆله‌دا، چونكوو له‌م قوتابخانه‌ هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئاگركوژێنه‌وه‌ و كه‌پسوولی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری تێدا نه‌بووه‌.

بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، موحه‌ممه‌د ڕه‌زا سه‌لیم پوور به‌خشداری ناوه‌ندیی شاری هه‌شتڕوود به‌ هه‌واڵنێریی ئیسنای ڕاگه‌یاند، كه‌ دایره‌ی فێركاری و په‌روه‌ردی هه‌شتڕوود له‌مباره‌دا تاوانباره‌، چونكوو له‌مه‌ڕ قوتابخانه‌كانی شاری هه‌شتڕوود پێشتر وتبووی له‌ هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هه‌شتڕوود سۆبه‌ی ناستانداردی تێدا نییه‌.

ناوبراو هه‌وره‌ها وتی من تێناگه‌م بۆچی كاربه‌ده‌ستانی دایره‌ی په‌روه‌رده‌ نایانهه‌وێ هه‌واڵه‌ ڕاسته‌كان بگاته‌ ده‌ستی ڕاگه‌یه‌‌نه‌كان.
ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێركاری عه‌لی ئه‌سغه‌ر فانی ڕۆژێك پێشتر ڕایگه‌یاندبوو " ئه‌مساڵ ٤٠ هه‌زار پۆلی خوێندن ماڵئاوایی ده‌كه‌ن له‌ سۆبه‌ نه‌وتییه‌كان و ئێمه‌ پلانمان داناوه‌ چیدیكه‌ سۆبه‌ی ناستاندارد له‌ قوتابخانه‌كان بوونیان نه‌بێ"، به‌ڵام تا ئێستاش زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی شاری هه‌شتڕوود مه‌ترسی ئاگركه‌وتنه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌ و وه‌زراه‌تخانه‌ و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ نه‌یتوانیوه‌ واده‌كانی خۆیان له‌م بواره‌دا جێبه‌جێ بكه‌ن.
شیاوی ئاماژەیە کە ئەوە یەکەمجار نییە لە قوتابخانەکانی ئێران و بەتایبەتی لە گووندەکان، ڕوداوی لەم جۆرە ڕو دەدات و دەبێتە هۆی سووتان یان مردنی مامۆستا و قوتابیان، ڕوداوی شیناوێ یەکێک لە دڵتەزینترینی ئەو ڕوداوانەیە کە بوو بە هۆی مردنی دوو کەس و سووتانی بەشێکی زۆر لە جەستەی قوتابیانی تری پۆلەکە.

No comments: