Thursday, December 10, 2015

تا ئیستاش دەوڵەت بیمەی قوتابیانی شیناوێی نەداوە

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر ئاگرگرتنی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی "شیناوێ"ی پیرانشار، گیانبەخت کردووانی ئەو ڕووداوە لە وەرگرتنی دییە بێبەش کراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دییەی دوو قوتابیی گوندی شیناوێ کە لە ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەکەیاندا، لە نێوەڕاستی سەرماوەزی ٩١ی هەتاوی گیانیان لەدەست دابوو، نەدراوەتە بنەماڵەکەیان.

ساریا ڕەسووڵزادە و سەیران یەگانە، ئەو دوو منداڵە تەمەن ٩ ساڵانە بوون کە ماوەیەک دوای ڕووداوەکەی ١٥ی سەرماوەز، لە نەخوشخانەکانی تەورێز و ورمێ گیانیان لەدەست دا.

پاش ٣ ساڵ لەو کارەساتە، پارێزەری بنەماڵەی ئەو قوتابیانە بە هەواڵدەریی "فارس"ی گوتووە کە سندووقی دابین کردنی خەسارەتی جەستەیی(صندوق تأمین خسارت‌های بدنی) و بیمەی ئێران، لە دانی پارەی دییە خۆدەبوێرێت.


ئەحمەدی‏نیاز باسی لەوەش کردووە کە بیمەی ئێران بە پێچەوانەی یاسا، واژۆی لە ١٨ بنەماڵەی قوتابییە بریندارەکان وەرگرتووە کە نیوەی ئەو بڕە پارەیەیان پێدەدرێت کە لە مادەی ٥٦٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی‏دا هاتووە.


بەپێی بڕیاری دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، نرخی دییە بۆ ئەم ساڵ، ١٦٥ میلیۆن تمەنە و ئەو بڕە پارەیەش بە شێوەی فەرمی بۆ ٢ قوتابییەکەی شیناوێ بڕاوەتەوە.

کچە قوتابیانی گوندی شیناوێ لەساڵی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی دییەکانیان سێ جار لەبەردەم دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامی لە شەقامی پاستۆری تاران مانیان گرت و هیچ ئەنجامێکیشی نەبوو.

ماوەیەک پێش ئێستاش چەندین بەرپرس و لێپرسراوی حکوومەتی لە فەرمانداریی پیرانشار سەبارەت بە دۆخی قوتابیانی شیناوێ کۆبوونەوەیان گرت کە لەوێدا بنەماڵەی قوتابییەکان، حکوومەتیان بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لەو ڕووداوە تۆمەتبار کرد.

١٥‌ی مانگی سەرماوەزی ساڵی١٣٩١‌ی هەتاوی ٣٧ كچە قوتابیی قۆناغی سەرەتایی، بە هۆی گڕ گرتنی سۆبەی پۆلەكەیان لە قوتابخانەی گوندی "شیناوێ"‌ی پیرانشار، سووتان و بەو هۆیەوە دوو كەس لەو قوتابییانە بە ناوەكانی "سەیران یەگانە" و "سارینا ڕەسووڵزادە" گیانیان لەدەست دا.

No comments: