Thursday, July 31, 2014

درۆ کردنی منداڵان و دە ئامۆژگاری بۆ دایک و باوکان

 mnal u dro
نوسینی میخائیل ڤینتەرهۆف – وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کامەران چروستانی
لە ناو جانتاکەمدا پێنجهەزار دینار دیار نەماوە، ئەو شیرینیەی کە لە ناو کەوانتەرەکەدا شاردبوومەوە دیار نەماوە، کەسێک بە دزیی منەوە کۆمپیوتەرەکەمی بەکارهێناوە: بەڵام هەر کاتێک پرسیار دەکەم، هەر وەک هەموو جارێک کەس نەبووە . لە بری ئەمە، بێگوناهانە منداڵەکەم وەک جاری پێشوو دەڵێت: دایە، من نەبووم! هەرچەندە باوک و دایک زۆربەی جار بە باشی لێیان ڕوونە، کەی منداڵەکان ڕاستی ناڵێن. لەم بارانەدا باشترین ڕێباز چییە، کە باوک و دایکەکە بیگرنە بەر و بنچینەی هۆکاری ئەم درۆکردنە چین، ئەمانە دوو پرسیاری گرنگن. جگە لە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە، دە ئامۆژگاری پێشکەش دەکەین، چۆن دایک و باوک لەگەڵ ئەم درۆیانە مامەڵە بکەن.
درۆ وەک بەشێک لە گەشەی منداڵ:
لە ساڵی چوارهەمی تەمەنەوە منداڵەکان دەست دەکەن بە درۆ. دایک و باوکیش ئەمە وەک ڕەشبینییەک لە دڵ دەگرن، هەرچەندە بواری کەمکردنەوە و نەهێشتنی درۆکردن زۆر کەمە، گەر پەشمە نەبێت: هەروەک توێژەرە ئەمریکییەکان سەرنجیان داوە، کە منداڵی چوار ساڵ هەموو دوو کاژێرێک جارێک درۆ دەکات و منداڵی شەش ساڵ هەموو کاژێرونیوێک. ئەم ژمارانە سەرسوڕمێنەرن، بەڵام ئەوەی خۆی لەپشت ئەم ڕەفتارەوە دەشارێتەوە، بریتییە لە گەشەسەندنێک، کە ئەتوانین بە دیاردەیەکی پۆزەتیڤی لە قەڵەمی بدەین. کاتێک منداڵ دەست دەکات بە درۆکردن، ئەمە ئەوە دەگەێنێت، کە ئەو منداڵە فێری ئەوە بووە، کە دەتوانێت خۆی لە جێگای کەسێکی تر ببینێتەوە و لە ڕوانگەی ئەو کەسەی ترەوە مامەڵە بکات و هەست بکات. جگە لەوەش منداڵەکان ئەوەش دەزانن، کە مەرج نییە هەموو کەسێک وەک یەک شت بزانێت و ئەم خاڵە دەتوانن بۆ قازانجی خۆیان بەکاربهێنن. ئەمە بنەمای درۆیە. زانایانی دەروونناسی گەشەسەندن لەو باوەڕەدان، کە هەرچەندە منداڵێک زیرەکتر بێت، هێندە زووتر دەست دەکات بە درۆکردن. بە هەر حاڵێک دەتوانین درۆکردنی منداڵ بە بەردێکی بناغەیی دابنێین لە گەشەسەندنی منداڵدا.

بۆچی منداڵ درۆ دەکات؟
بەڵام ئەو هۆکارە گشتییانە چین، کە وا لە منداڵ دەکات لە بارودۆخێکی تایبەتیدا پەنا بەرێتە بەر درۆ؟
منداڵی باخچەی ساوایان بە شێوەیەکی گشتی ناتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان واقیع و خەیاڵدا، لەبەرئەوە زۆرجار لە هیچی نەبوو چیرۆکێک لە خۆیانەوە دروست دەکەن یاخود زیاد لە سنووری ئاسایی شتێک گەورە دەکەن، کاتێک شتێک دەگێڕنەوە. جگە لەوە یەک لە دوایەکی ڕووداوەکان تێکەڵ و پێکەڵ دەکەن و شێوازی ڕووداوەکان لەسەر خواستی خەیاڵ و بۆچوونی خۆیان دەگێڕنەوە. ئەمە درۆیەکی بێگوناهە و هیچ ئامانجێکی لە دوا نییە، بەڵکو تەنها کەمی توانای لۆژیکی هزری منداڵ وا دەکات ئەو منداڵە لە سنووری واقیعی ڕووداوەکان و دیاردەکان بەرجەستەی شتێک بکەن. بەڵام لە زۆرکاتدا منداڵ لە ترسی سزادان و لێپرسینەوەی دایک و باوک درۆ دەکات: بێگومان جاروبار هەموو منداڵێک شتێک دەکات، کە پێویست وایە یان وابوو کە نەیکات، کە ئەمەش لای منداڵەکە ڕوون و ئاشکرایە. لەوانەیە ئەو شتەش ڕووداوێکی بچوک بێت کە شوێنی بایەخ نەبێت بۆ نموونە: منداڵەکە یارییەک دەشکێنێت یاخود شتێکی لە بیر چووە و هەر لە شوێنی خۆی بەجێی هێشتووە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە، کە زۆربەی منداڵان ئەو ڕەفتارە هەڵەیان زۆر بە هەڵە و بە خراپی هەڵدەسەنگێنن، کە ئەمەش بەرەو درۆیان دەبات، بۆ ئەوەی منداڵەکە بتوانێت ئەو وێنەیە بخاتە بەردەمی دایک و باوکی، کە ئەوان پێی ڕازی دەبن. لەبەر ئەوە با دایک و باوک ئەو ڕەفتارەی منداڵەکە، کە درۆکردنە، زۆر زل نەکەن، کاتێک منداڵەکە هەموو گوناهەکانی خۆی بەسەر ئەم و ئەودا فڕێ دەدات، بەڵکو با ئەم هەڵس و کەوتەی منداڵەکە ببێت بە هۆکارێک بۆ ئەوەی دایک و باوکەکە لە خۆیان بپرسن، ئایا پەروەردەی منداڵەکەیان ڕەقییەکی تیادا نییە، تاکو وا لە منداڵەکە بکات درۆ بکات بۆ ئەوەی پاکانە بۆ خۆی بدۆزێتەوە. لە هەمان کاتدا هۆکارێکی تریش هەیە بۆ ئەوەی منداڵ درۆ بکات ئەویش ئەوەیە کە هەندێک جار دایک و باوک داواکاریی و فەرمانەکانیان بەسەر منداڵدا زۆرە و لە سنووری تواناکانی ئەو منداڵەدا نییە وەک ئەوەی هەمیشە داوا لە منداڵەکە بکەن کە نمرەکانی قوتابخانەی بەرز بێت و لە ڕیزی یەکەمین قوتابییەکانی پۆلەکە بێت. لەم بارەدا منداڵ گەر نەگاتە ئەو ئامانجەی کە دایک و باوک بۆی دیاری کردووە، دەست دەکات بە درۆکردن کە مامۆستاکە مامەڵەی خراپە یاخود هەندێک جار خۆی نەخۆش ئەخات.
منداڵ لەبەر بایەخ و ڕەوشتیش درۆ دەکەن. بێگومان ئەم جۆرە درۆیە لە گەورەکانەوە فێر دەبن. منداڵ بە ئاسانی هەست دەکات کاتێک باوک و دایک مەوعیدێک ڕەت دەکەنەوە بە هۆی ئەوەی کە گوایە نەخۆشن یاخود کە موجامەلەی یەکێک دەکەن کە ڕاست نییە و دوورە لە واقیع. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، کە منداڵ خۆیان لەگەڵ ئەم مامەڵەیەی دایک و باوکدا دەگونجێنن و هەروەها دەریشیانخستووە، کە لە کاتێکدا منداڵێکی شەش ساڵ لەبەر پیشاندانی ڕەوشت و موجامەلە هەرگیز درۆ ناکات چونکە بەو شتە شارەزا نییە، بەڵام منداڵێکی تر لە تەمەنی نزیکەی دە ساڵدا ناڕاستی قبوڵ دەکات و ئامادەیە بەجێی بهێنێت لەبەر خاتری سەرنجڕاکێشان و قبوڵکردنی ڕای دەوروبەر. جا کێشەکە لەوەدایە کاتێک دایک و باوک خۆیان چاوگەی درۆ بن لە خێزانەکەدا، بەڵام داوا بکەن لە منداڵەکە، کە درۆ نەکات. چونکە منداڵ لەو کاتەدا هەست دەکات، کە تەنها لە خودی مامەڵەی دایک و باوکەکەدا درۆیەک هەیە، کە لە ڕاستیی خۆیانەوە دوورە.
منداڵ هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە ئەوە تێ دەگەن، کە ئێمە لە ناو کۆمەڵگایەکی کارکەر و موڵکدارێتیدا دەژین، کە بوونی هەندێک نیشانە و سومبول کاری خۆی دەکاتە سەر بەناوبانگێتی و چەسپاندنی تاکە کەس، بۆیە هەندێک جار دەبینین کە منداڵ درۆ ئەکات بەوەی چەند شتی بەنرخ و باشی هەیە یاخود کە توانای سەبارەت بە شتێک چەند زۆرە، هەرچەندە لەوانەیە ئەمانە هیچیان ڕاست نەبن. لێرەدا ئەوەی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت، بریتییە لە سەلماندنی خود بە هۆی ئەو شتانەی کە لە ژیانیدا هەیەتی، کە ئەویش بەشێکە لە ڕەنگدانەوەی ئەو پەروەردەیەی، کە منداڵەکە بەر لە هەموو شتێک لە خێزانەکەوە وەری گرتووە، ئنجا دوای ئەوە لە کۆمەڵگاکەوە.

چۆن دایک و باوک مامەڵە بکەن؟
بەشێوەیەکی گشتی منداڵ ئەو ڕێگە هەڵخڵەتاندنن و درۆ کردنانە نازانێت، کە گەورەکە دەیزانێت، لەبەرئەوە گەورەکان زوو درۆی منداڵەکان ئاشکرا دەکەن. ئنجا باشترین هەنگاو ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکرێت ، هەرچەند ەبە شێوەیەکی گشتیی زۆربەی جار منداڵەکە هەست بە شەرمێکی زۆر دەکات، ئەگەر بێت و درۆکەی ئاشکرا بووبێت، بەڵام تەنها ڕستەیەکی وەک ” من دەزانم، کە ئەمە ڕاست نییە”، بەسە بۆ ئەوەی کە جارێکی تر ئەم شەرمکردنە بەرەو کەمی بڕوات و ئەو هەستەی نەمێنێت. دایک و باوک نابێت بە سزادان یاخود توڕەیی کاردانەوەیان بەرامبەر بە درۆی منداڵ هەبێت، چونکە لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی لە دواییدا منداڵەکە لە ترساندا نەک تەنها لە درۆ دوور نەکەوێتەوە بەڵکو ڕاستییەکانیش لە دڵیدا دەشارێتەوە و هەموو شتێک لە ناو دڵیدا پەنگ دەخواتەوە. لەبری ئەمە پێویستە باوک و دایک بۆ منداڵەکانیان ڕوون بکەنەوە، کە ئەو منداڵە دەتوانێت هەموو شتێک ،کە لە ناو دڵیایەتی بیگێڕێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پێشبڕیاری تیادا بدات ئایا ئەوە هەڵەیە یان ڕاستە. واتە هەوڵ بدە زمانی وتووێژ لەگەڵ منداڵەکەتدا دروست بکە. زۆر جار بار و دۆخی ناو خێزانەکە ئاسایی نییە، چونکە لە لایەکەوە لە هەموو خێزانێکدا دەستەواژەکانی وەک “ڕاستیی و ڕەوشت” بە گەورەیی نووسراون و بایەخێکی زۆریان پێ دەدرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خودی دایک و باوکەکانیش هێندە ڕاست نین سەبارەت بەو دەستەواژانە. گەورەکان وا پێویست دەکات، کە بیر لەوە بکەنەوە، ئایا چەند وە تا چ ڕادەیەک وێنەیەکی نموونەیین بۆ منداڵەکان وە لەو بارەیەوە چەند ئەو دایک و باوکە کار لەگەڵ خۆیان و کار لەسەر خۆیان دەکەن، ئەگینا لەوانەیە زۆر بە خێرایی ئەو وێنە نموونەییە و کەسایەتیی و باوەڕەیان لەبەردەمی منداڵەکەدا لەدەست بدەن.
دە خاڵی ئامۆژگاری
وێنە نموونەییەکە:
ئەو دایک و باوکانەی، کە خودی خۆیان بەشێوەیەکی بەردەوامی پەنا نابەنە بەر درۆ، خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەم خەسڵەتە بگوێزنەوە بۆ منداڵەکان و فێریان بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر جارێک وا پێویست بکات لەبەر هۆکارێک درۆ بکەن، ئەوا باشترە هۆکاری درۆکە بۆ منداڵەکە ڕوون بکەنەوە. بۆ نموونە ئەوە ڕوون بکەنەوە کە نەیانویستووە هەستی کەسەکەی تر بریندار بکەن بۆیە وا پێویست بوو لەو بارەدا درۆیەکی وا بکەن.
درۆ لەگەڵ منداڵەکەتدا مەکە:
بەهیچ شێوەیەک نابێت باوک و دایک درۆ لەگەڵ منداڵدا بکات. ئەگەر نەیانویست وەڵامی پرسیارێکی نەگونجاو بدەنەوە یاخود ڕاستییەکی ئازاردەر دەرببڕن، بەڵام هەر ئەبێت هۆکاری ئەو هەڵوێستە بۆ منداڵەکە ڕوون بکەنەوە. چونکە هەموو درۆکردنێک لەبەردەمی منداڵدا ڕێخۆشکەرێکە بۆ ئەوەی منداڵەکەش هەمان ڕێباز بگرێتە بەر. گەر ڕۆژێکیش لە منداڵەکە بپرسرێت بۆچی درۆیەکی وای کردووە، شێوازە شێوانێک لە دەروونی منداڵەکەدا پەیدا دەکات، کە ناتوانێت تەفسیرێک بۆ مامەڵەکەی دایک و باوکی بدۆزێتەوە، کە ئەوان مافی درۆیان هەیە و بەڵام بۆ ئەو ڕێگرن.
ئەنجام:
زۆر گرنگە ڕاستیی لای منداڵ بووترێت و لێپرسینەوە بەرامبەر مامەڵەکانی خۆمان هەڵبگرین: بۆ منداڵەکە ڕوون بکەرەوە، درۆ چ ئەنجامێک و بەرهەمێک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بە منداڵەکەت بڵێ بۆ نموونە، ئەو کەسەی کە بە بەردەوامی درۆ دەکات، ئیتر بڕوای خەڵک لەدەست دەدات وە خەڵکیش لەو جۆرە کەسانە دوور دەکەونەوە.
متمانەی خێزان:
گەر خێزان لە ناو خۆیاندا متمانە و کراوەیی لە مامەڵەی نێوان خۆیاندا بەجێ بهێنن، ئەوا زۆر ئاسانترە کە پەروەردەی منداڵەکە لەسەر بناغەی ڕاستیی و ڕاستگۆیی بدرێت. کاتێک منداڵەکەت ئەو هەستەی هەبێت، کە بایەخ و خۆشەویستیی لە لایەن خێزانەکەووە پێ دەدرێت، لە بارێکدا ئەگەرچی شتێکی هەڵەشی کردبێت، ئامادە دەبێت لەو کەشە ناڕەحەتەدا ڕاستیی بڵێت.
سوپاسی ڕاستیی:
ئایا منداڵەکەت ڕاستییت پێ ڕادەگەێنێت، ئەگەرچی لە بارێکی ناخۆشیشدا بێت، وەک ئەوەی کە پلەی قوتابخانەی خراپن، لەو بارەدا دەبێت بە ئاسایی شتەکان بگریتە دڵ و دانیان پیادا بنێیت. ڕاستگۆیی و ئاشکرایی کردارێکی چەوت و بارێکی خراپ باشتر ناکات، بەڵکو دەبێت بە بناغەیەک بۆ وتووێژ لەگەڵ دایک و باوکەکەدا، کە بە هۆیەوە دەتوانن زۆربەی کێشەکان چارەسەر بکەن یاخود هەوڵ بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان.
داننان بە هەڵە و خاڵی لاوازیدا:
هەموو کەسێک هەڵە دەکات: دەبێت منداڵەکەت فێر بکەیت کە دان بە هەڵە و خاڵە لاوازەکانی خۆیدا بنێت وە هەرگیزا و هەرگیز بەبێ گوێگرتن تووڕە نەبیت و وتەی ناشرینی پێ بڵێیت، چونکە ئەمە ڕێگەی ڕاستی نێوان تۆ و منداڵەکە قورستر دەکات. بۆ ئەوەی منداڵەکەشت فێری ئەو شتە بکەیت، ئەوا دەبێت بزانیت کە ئێوەی دایک و باوک ئەو قوتابخانەیەن، کە منداڵەکەتان لێتانەوە فێر دەبێت.
تێگەیشتنمان بۆ درۆ:
بۆت دەرکەوت منداڵەکەت درۆی کردووە، قسە لەگەڵ منداڵەکەتدا بکە و لێی بپرسە بۆچی درۆی کردووە. تێگەشتنی خۆت بۆ باری منداڵەکە لە لای منداڵەکە پیشان بدە، لە هەمان کاتدا بۆی ڕوون بکەرەوە کە تۆ ڕەفتارێکی لەم شێوەیەدا بە دڵ نییە و ناتەوێت کە منداڵ درۆ بکات. ئەشتوانیت لەگەڵ منداڵەکەدا باسی ئەوە بکەیت گەر جارێکی تر شتێکی وا ڕوویدایەوە، ئەبێت منداڵەکە چۆن ڕەفتار بکات بۆ ئەوەی تووشی هەمان درۆکردن نەبێتەوە. بێگومان لە بارێکی وادا ڕێگەیەک هەر دەدۆزرێتەوە.
لە خوتبەی مۆرالیی دوور بکەوەرەوە:
دەبێت دوور بکەویتەوە لەوەی، هەستکردن بە گوناهبارێتی بە منداڵەکە بدرێت یاخود خوتبەوی مۆراڵیی و ڕەوشتیی بەرزی بۆ باس بکەیت، چونکە ئاستی هزری منداڵ زۆر جار لەو ئاستەدا نییە، کە بتوانێت هەندێک دەستەواژە و بەهای ناو کۆمەڵگا تێبگات، بەڵکو ئەمەندە بەسە کە پێی ڕابگەێنێت، کە زۆر پێت ناخۆش بووە، کە ئەو درۆیەت لێ بیستووە. هەمیشەش هەوڵ بدە بەپێی توانای ژیری منداڵەکەت قسەی لەگەڵدا بکەیت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە وشە و ڕستەکانت بگات.
سزادان ڕێگەیەکی ڕاست نییە:
گەر منداڵەکەت بە سزادانێکی قورس ترساند، ئەمە ڕێگەیەکی هەڵەیە. ئەو منداڵانەی کە زۆر بە قورسی لەسەر درۆ سزا دەدرێن، هەمیشە وا بیر دەکەنەوە، کە جاری داهاتوو دەبێت باشتر درۆ بکەن، بۆ ئەوەی ئاشکرا نابن. ئەگەر هەر سووریت لەسەر ئەوەی، کە منداڵەکە دەبێت بە شێوەیەکی ژیرانە و ئاسایی سزا بدرێت، ئەوا دەبێت سزاکە وا بێت، کە پابەند بێت بە هەڵس و کەوت و هەڵەی منداڵەکەوە و جگە لەوەش هەستی پێ بکات بۆچی سزا دەدرێت.
یارمەتییەکی زانستییانە:
ئایا منداڵەکەت زۆر درۆ دەکات و نە وتووێژ سوودی هەیە و نە هەڕەشە، کەواتە لەوانەیە هۆکارەکان لەوە قوڵتر بن، کە بە سادەیی بتوانیت چارەسەری بکەیت. لەم بارەشدا دەبێت بنچینەی هۆکارەکان بدۆزیتەوە. لەم بارەشدا دەتوانیت یارمەتی لە کۆمەڵناسێک یاخود دەروونناسێکی منداڵان وەربگریت.

No comments: